ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دەسەڵاتی کاتی لە سوریا لەوانەیە دوای چەند هەفتەیەکی کەم بڕوخێت، ئەمەش دەبێتە هۆی خلیسکانی وڵاتەکە بەرەو شەڕی ناوخۆیی بەرفراوان.

بەپێی راپۆرتەکان، رۆبیۆ لە میانەی دانیشتنێک دا لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا وتی: "مەسەلەکە پەیوەندی بە دەسەڵاتی کاتییەوە نییە، ئێمە پێمان وا نییە کە ئەوان زەرەر بگەیەنن. کێشەکە لە لایەنەکانی دیکەی سەر خاکەکە دایە کە بونەتە هەڕەشە. ئێمە دەبێت پارێزگاری لەوانە بکەین کە نەک تەنها دەچنە ناو وڵاتەکەوە، بەڵکو لەوانەش کە لەوانەیە ناچار بکرێن وڵاتەکە بەجێبهێڵن. پێویستە ئامادەبین بۆ چۆڵکردن و پلان دابنێین بۆ پاراستنیان لە هێرشەکان".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە بارودۆخی سوریا هێشتا ناجێگیرە، و ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەگەری روخانی حکومەتی کاتی لە سوریا لە هەفتەکانی داهاتوودا و خراۆتربوونی دۆخەکە بەرەو "شەڕی ناوخۆیی بەرفراوان" بە دوور نازانێت.

جێی باسە، سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە ڕۆژی 14ـی ئایار لە ریاز چاوی بە سەرۆکی سوریا ئەحمەد شەرع کەوتبوو، کە ئەمە یەکەم دیدار بوو کە سەرکردەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و سوریای کۆکردبێتەوە لە ماوەی 25 ساڵی رابردودا.

هەرچەندە ماركۆ رۆبیۆ وردەکاری زیاتری لەبارەی سروشتی ئەو هەڕەشانەوە کە روبەروی دەسەڵاتی کاتی لە سوریا دەبنەوە نەخستۆتە رو، بەڵام لێدوانەکانی نیگەرانییەکی گەورەی دەزگا دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا دەردەخەن سەبارەت بە ئەگەری خراپتربوونی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی لە وڵاتەکەدا، سەرەڕای هەوڵەکانی دواییان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق.