ترەمپ و ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا
رەوەز
٥ی ئایاری ٢٠٢٥
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هەردوو لا چەندین پرسی گرنگی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە، لەوانەش پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پرسی غەززە، سوریا، ئۆکراین و دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران.
سەرۆکی تورکیا جەختی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی لە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبێت، بەتایبەت لە بەرەو پێشبردنی کەرتی بەرگری و کەرتەکانی دیکە. هاوکات ئەردۆغان پێشوازی لە هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین و روسیا و دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران کردووە.
لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، سەرۆکی تورکیا بانگهێشتی سەرۆکی ئەمەریکای بۆ سەردانی وڵاتەکەی کردووە و ترەمپ دەڵێت؛ ئەردۆغان بانگهێشتی کردم بۆ تورکیا و خۆشی دێت بۆ واشنتۆن.