ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین ناتانیاهۆ، لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتەی لە کەرتی غەززە پەسەند کرد، هاوکات پلانی راگواستنی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کە لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیلدا بڕیار دراوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە کەرتی غەززە فراوانتر بکرێن بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچەکە.

ئەو پلانەی بە دەنگی زۆرینە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند کراوە، تیایدا جەخت لەسەر راگواستنی دانیشتووانی غەززە بەرەو باشوری کەرتەکە کراوەتەوە، هەروەها چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر چەکدارانی حەماس لەخۆ دەگرێت.

بەپێی سەرچاوەکان، لە کۆبوونەوەکەدا بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە “ئەم پلانە دەبێتە ئامانجێک بۆ رزگارکردنی بارمتەکان و تێکشکاندنی تەواوەتی حەماس”.

نەتانیاهۆ هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیل کار دەکات بۆ سەرخستنی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە راگواستنی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ چەند وڵاتێک گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی پێشوازی لە وەرگرتنی دانیشتوانی غەززە بکەن.

لەلایەکی ترەوە، دەستەی گشتیی میدیای ئیسرائیل (کان) بڵاوی کردووەتەوە کە پلانەکەی ئەنجوومەنی وەزیران هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکرێت و وردەکارییەکانی بە نهێنی پارێزراون.

شایەنی باسە، ئەم بڕیارەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە شەڕی غەززە نزیکەی حەوت مانگە بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و سەدان هەزار کەسی دیکەش ئاوارە بوون.