وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێم: سعودیە عومرەکاران ئاگادار دەکاتەوە دوای عومرە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان
رەوەز
٢٥ی نیسانی ٢٠٢٥
بەپێی رێنماییە نوێیەکانی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، هەر کەسێک بە ناوی عومرەوە سەردانی وڵاتی سعودیەی کردبێت، ئەگەر پێش دەستپێکردنی فەریزەی حەج نەگەڕێتەوە، لەکاتی دەستگیرکردنیدا بە زیاتر لە 15 هەزار دۆلار سزا دەدرێت.
کاروان ستوونی، وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند: "سعودیە گەشتیار و عومرەکاران ئاگادار دەکاتەوە بەر لە بەڕێوەچوونی فەریزەی حەج بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، بە پێچەوانەشەوە تووشی سزای توندی دارایی و یاسایی دەبنەوە و لەکاتی دەستگیرکردنی هەر عومرەکارێک بە 50 هەزارریاڵ (زیاتر لە 15 هەزار دۆلار) سزا دەدرێت".
وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو کە لە رێنمایی و رێککارەکانی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیەدا هاتووە، گەشتیاران و کۆمپانیاکان ناچار دەکات بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆیان بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر کەسێک لەڕێگەی کۆمپانیاوە ڤیزای وەرگرتبێت و خۆی لە سعودیە حەشار بدات، لە کاتی دەستگیرکردنی بە 100 هەزار ڕیاڵ (زیاتر لە 30هەزار دۆلار) پێبژاردنیان پێ دەکرێت.
شایەنی باسە، جگە لە پێبژاردن، سەرپێچیکاران بە زیندانیکردنیش سزا دەدرێن و سزاکان لەکاتی دەستپێکردنی فەریزەی حەجی ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێن.
ئەم بڕیارە نوێیەی سعودیە لە چوارچێوەی ڕێکخستنی سەردانی زیاتری 2 ملیۆن موسڵمان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج و رێگریکردن لە مانەوەی نایاسایی هەندێک عومرەکار لە وڵاتەکەدا هاتووە.