سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند، بە پارێزگابوونی هەڵەبجە هەنگاوێكی نیشتمانیی گرنگە بۆ رێزگرتن لە قوربانیدان و بەرەوپێشبردنی بەهاكانی دادپەروەری.

 

د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و گفتوگۆیان لەسەر بەپارێزگابوون هەڵەبجە كرد.

 

سەرۆك كۆمار رایگەیاند، دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هەنگاوێكی نیشتمانی گرنگە و رەنگدانەوەی پابەندبوونی دەوڵەتە بەرانبەر ڕێزگرتن  لە قوربانیان و بەرەوپێشبردنی بەهاكانی دادپەروەری، سەرۆكایەتی كۆماریش لەگەڵ هەموو لایەنەكان هەوڵیداوە بۆ پەسەندكردنی ئەم پرۆژە یاسایە.

 

لەكۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و هاریكاری نێوان هێزە سیاسییەكان لەپێناو پشتیوانیكردن لە سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوە و پەسەندكردنی یاساكانی پەیوەست بە گوزەرانی هاووڵاتیان.

 

لای خۆیەوە هەرێم كەمال ئاغا رایگەیاند، فراكسیۆنی یەكێتی پابەندە بە كاركردن لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسیەكان لەپێناو یەكڕیزیی و لێكتێگەیشتنی نیشتمانیی.