محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ کریستن بێرگنر، پاڵێوراوی سویسری بۆ کۆمسیاری باڵای کاروباری مافەکانی مرۆڤ، جەختی کردەوە کە حکومەتەکەی پابەندە بە گەڕاندنەوەی هەموو عیراقییەکانی کەمپی هۆڵی پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان.

سوودانی رایگەیاند کە "کەمپی هۆل مەترسییەکی راستەقینەیە لەسەر ئاسایشی ناوچەکە" و داوای لە هەموو وڵاتان کرد کە هاووڵاتییەکانیان لەو کەمپە ببەنەوە بۆ وڵاتەکانیان. سەرۆک وەزیرانی عیراق هەروەها بەڵێنی دا کە "عیراق بەم زووانە بۆ هەمیشە کۆتایی بە دۆسییەی کەمپەکان دەهێنێت و هەموویان دادەخات."

شایەنی باسە، چوارشەممەی رابردو، دەیان خێزانی عێراقی نیشتەجێی کەمپی هۆل گەڕێنرانەوە بۆ کەمپی جەدعەی موسڵ، وەک بەشێک لە پلانی حکومەتی عیراق بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانی.

کەمپی هۆڵ:

کەمپی ھۆل، دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە لە نزیک سنوورەکانی نێوان عێراق و سوریا، ناوی کەمپەکە پاش شکستە یەک لە دوای یەکەکەکانی داعش زیاتر بیسترا کاتێک ژن و منداڵەکانی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە لەنێو ئەو کەمپە سوورییەدا جێگیرکران و پاش گەورەبوونیشی بووە مایەی مەترسی.

کەمپەکە بۆ یەکەمجار و لە کاتی جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ بۆ ئاوارە عێراقییەکان دروستکرا، دواتر و لە ساڵی ٢٠٠٣ دیسانەوە بۆ ئەو عێراقیانە کرایەوە کە لە جەنگی وﻵتانی ھاوپەیمانان و ڕژێمی سەدام حوسێن ئاوارەبووبوون، بەﻵم کەمپەکە کاتێک ناوبانگی پەیدا کرد کە پاش ساڵی ٢٠١٩ ژن و منداﻵنی داعشیان تێدا جێکردەوە، ھەروەھا ئەو عێراقی و سوری و بیانیانەش لە کەمپەکەدا نیشتەجێکران کە ئاوارەبووبوون.

لە ئێستادا کەمپەکە لەﻻیەن ھێزەکانی ھەسەدەوە دەپارێزرێت و ڕێکخراوە مرۆییەکان پاڵپشتی مرۆیی دەکەن، زیاتر لە ٦٠ ھەزار کەس لە کەمپی ھۆلدا نیشتەجێن کە خەڵکی ٤٢ وﻵتی جیان و وﻵتەکانیان ئامادەنین وەریانبگرنەوە، چونکە نیشتەجێکراوەکانی کەمپەکە بەشێکیان داعشن، بەشێکی دیکەشیان کاریگەربوون بە بیروبۆچوونی داعش ئەمەش وﻵتانی خۆیان بە مەترسییان دەبینن.