دوای ئەوەی سێ رۆژ لەمەوپێش کچێک بەناوی ئاڤێستا لە سنوری قەزای مێرگەسور کەوتە ئاوەوە، تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و بەرگری شارستانیی سۆرانیش دەڵێت، لە گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا بەردەوامن.

بەرگری شارستانیی سۆران رایگەیاند، ئەمڕۆ بۆ سێیەم رۆژ لەسەریەک تیمەکانیان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا یوسفی تەمەن 27 ساڵدا، کە رۆژی هەینی رابردوو لە سنوری قەزای مێرگەسور کەوتە ئاوەوە و گیانی لەدەستدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، نۆ تیم و تیمی فڕۆکەوانی هەولێر بەشدار بوون لە گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا، بەڵام بەهۆی لێڵی و بەخوڕی ئاوی رووبارەکە نەتوانراوە تەرمەکەی بدۆزرێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو، وتەبێژی بەرگری شارستانیی ئیدارەی سۆران رایگەیاند، پێشبینی دەکەن دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا نزیکەی دوو هەفتە بخایەنێت.

رۆژی هەینی رابردوو، ئاڤێستا یوسفی تەمەن 27 ساڵ، کە پیشەی مامۆستا بوو، کەوتە ناو رووباری تەنگاتوری سنوری قەزای مێرگەسور و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.

بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، ئاڤێستا لەگەڵ کەسوکارەکەیدا بۆ گەشت و سەیران چووبوونە نزیک رووبارەکە.