ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا راگەیەنراوێكی سەبارەت بە شەڕ و پێكدادانەكانی سوریا بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، گرژی و پێكدادان لەنێوان گروپە چەكدارەكانی سەر بە رژێمی پێشوی سوریا و هێزەكانی حكومەتی نوێی سوریا پەرە دەسەنێت.

راشیگەیاندووە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا نیگەرانە لە شەرو پێكدادانەكان و هۆكاری گرژییەكانیش دەگەڕێنێتەوە بۆ خوێندنەوەی هەڵەی واقیعی سوریا لەلایەن دەسەڵاتدارانی دیمەشق و رەچاونەكردنی هەستیاریی رەوشی سوریا.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری داوا لە هەموو لایەنەكانی سوریا دەكات ئەو گرژی و ئاڵۆزییانە رابگرن، چونكە بە تەنیا خەڵكی سوریا باجی پێكدادانەكان دەدات.

جەخنی لەوەشكردوەتەوە، سوریا پێویستی بە دیالۆگێكی نیشتمانی راستەقینە هەیە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ڕێگاكانی گەیشتن بە سەلامەتی و چارەسەركردنی هەموو ئەو دژایەتی و كێشە و گرفتانەی كە لە نێوان هێزەكانی سوریادا هەڵپەسێردراون، هاوكات داوا لە گەلی سوریاش دەكات لە پشتی ئەو كەسانەوە رانەوەستن كە هەوڵی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ دەدەن.