سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، ئەنجومەنەكەیان جەخت لەسەر پەسەندكردنی هەمواری خشتەكانی بودجەی ٢٠٢٥ دەكاتەوە.

مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە میانی پێشوازیكردنی لە تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق رایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەران جەختدەكاتەوە لەسەر پەسەندكردنی هەمواری خشتەكانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ بە زووترین كات، بە شێوازێك كە خزمەت بە بەرژەوەندی دامەزراوەكانی حكومەت بكات و پێداویستییەكانی هاووڵاتیان دابینبكات.

مەشهەدانی راشیگەیاند، كارەكان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەو میكانیزمانەی كە بۆ پەسەندكردنی یاساكان دانراون ئەنجام دەدرێن.

پێشتریش، عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی رایگەیاند، سەرەتای ساڵی داهاتوو، خشتەكانی بودجەی ٢٠٢٥ دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران.

وتیشی، هەمواری بڕگەی تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، دەخرێتە هەمان خشتەوە.