كارەبای عیراق: بەرهەمهێنانی كارەبا بە رێژەی ٣٥% كەمبووەتەوە
هەژار
١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بەرهەمهێنانی كارەبا لە عیراق بە رێژەی ٣٥% كەمبووەتەوە و وەزیری كارەباش پابەندنەبوونی ئێران بە گرێبەستی غاز تۆمەتبار دەكات.
زیاد عەلی فازڵ وەزیری كارەبای عیراق رایگەیاند، ئەو غازەی وەزارەتی نەوتی عیراق بەرهەمی دەهێنێت، لە توانایدا نییە تەواوی پێداویستی ناوخۆ پڕبكاتەوە و بەشی هەموو وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا ناكات، لە بەرانبەریشدا لە پێناو چارەسەركردنی كێشەی كارەبا حكومەتی عیراق بۆ كڕینی غاز گرێبەستێكی لەگەڵ حكومەتی ئێران ئیمزاكردووە و پشتبەستنیش بە غازی هاوردەكراو گەورەترین كێشەی بۆ كارەبای عیراق دروستكردووە.
وتیشی، كۆمپانیای غازی ئێران پابەندی رێككەوتنی وڵاتەكەی لەگەڵ عیراق نابێت و ئەو كێشەیەش ١٤ ساڵە بەردەوامە، ئەوەش كاریگەری زۆری لەسەر كەمبوونەوەی كارەبا لە عیراق هەیە و لە ئێستادا بەرهەمهێنانی كارەبا لە عیراق بە رێژەی ٣٥% كەمبووەتەوە.