سێ جوتیاری سنوری هەفتەغار بە دوو ساڵ زیندانی سزادران
کەژان
١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
دادگای داقوق سێ جوتیاری سنوری هەفتەغاری بە دوو ساڵ زیندانیكردن بە تۆمەتی رفاندن سزادا، جوتیارانی سنورەكەش دەڵێن كەیسەكەیان بەلاڕێدابراوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، دادگای داقوق سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر سێ جوتیاری كورد بەناوەكانی خالد نەوزاد هیدایەت و سامان نەوزاد هیدایەت و محەمەد نەجات هیدایەت سەپاندووە بەهۆی ئەوەی لە مانگی ٧ ی ئەمساڵ لەگەڵ جوتیارانی هاوردە شەڕیان كردووە و بەوتەی جوتیاران عەرەبە هاوردەكان هەوڵی داگیركردنی زەویەكانیان داوە و بەهۆیەوە كێشە لە نێوان هەردولا دروستبووە.
جوتیارانی سنورەكە دەڵێن، دەستگیركردنی ٣ جوتیارەكە بە پێی مادەی ٤١٣ بووە بەڵام كەیسەكە بەلاڕێدا براوە و ئێستا تۆمەتی هەوڵدان بۆ ڕفاندن خراوەتە پاڵ ٣ جوتیارە كوردەكە و كەیسەكە بەلاڕێدابراوە.