ماكرۆن پابەندی وڵاتەكەی بە ئاسایش و سەقامگیری عیراق دووپاتدەکاتەوە و سودانیش دەڵێت، یەكپارچەیی سوریا فاكتەرێكی گرنگە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە.

نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا ئەنجامداوە و تێیدا لەبارەی دۆخی سوریا سودانی ئاماژەی بە گرنگی هەوڵەكان كرد بۆ هاوكاریكردنی گەلی سوریا لە دابینكردنی خواستەكانیان و بنیادنانەوە وڵاتەكەیان، بەبێ دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆییان.

هەروەها، سودانی جەختیكردەوە لە بنیاتنانی پرۆسەیەكی سیاسی گشتگیر بۆ قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات لە سوریا، كە تێیدا مافی هەموو پێكهاتەكان پارێزراوبێت، بە رەچاوكردنی یەكپارچەیی خاكی سوریا، كە فاكتەرێكی گرنگە بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.

لەبەرامبەردا، ئیمانوێل ماكرۆن جەختیكردەوە لە پابەندبوونی وڵاتەكەی بە ئاسایش و سەقامگیری عیراق و وەستانەوە لەگەڵیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگییەكان، لەنێویاندا بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاماژەی بەوەشدا، عیراق رۆڵێكی سەرەكی دەگێڕێت لە ناوچەكەدا.