لە داقوق خۆكوژێك پێش خۆتەقاندنەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژرا
١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
لە داقوق خۆكوژێك پێش خۆ تەقاندنەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژرا، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق دەڵێت خۆكوژەكە بە نیازبووە بچێتە ناو چێشتخانەیەكەوە و خۆی بتەقێنێتەوە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە ، لەسەر رێگەی كەركوك- بەغداد خوكوژێك بە نیازبووە بچێتە ناو چێشتخانەیەكەوە و لەرێگەی پشتێنێكی بۆمبڕێژكراوەوە خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام بەرلەوەی بچێتە ناو چێشتخانەكەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كراوەتە ئامانج و كوژراوە.
ئەوەشی خستەڕو، شانەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاسایشی كەركوك و لیوای تەكتیكی، زانیاری هەواڵگری پێشوەختەیان لەسەر كردەوە تیرۆریستییەكە هەبووە و رێوشوێنی پێویستیان بۆ شكستپێهێنانی كردەوەكە گرتووەتەبەر.
هاوكات، پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، دوای كوژرانی خۆكوژەكە، هێزێكی زۆری سوپای عیراق و لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەكان لە شوێنی رووداوەكە بڵاوەیانپێكراوە و لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە دەستیپێكردووە.