وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە سەردانێكی رانەگەیەندراو گەیشتە بەغداد و لەگەڵ سودانی لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی سوریا و غەززە و ناوچەكە كۆبووەوە و رایگەیاند، واشنتۆن پابەندە بە پاراستنی ئاسایش و سەروەری عیراق و رێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.

نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، محمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە بەغداد پێشوازیكرد لە ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی سوریا و غەززە و لوبنان و ناوچەكە بە گشتی كرد.

لای خۆیەوە، سودانی پشتیوانی خۆی بۆ قۆناغی نوێی سوریا دووپاتكردەوە و وتی، پێویستە رێز لە ئیرادەی گەلی سوریا بكرێت و هاوكات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هاوكارییان بكرێت لە بنیادنانەوەی وڵاتەكەیان و هەر ئاستەنگییەك كە هەڕەشە بێت بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری وڵاتەكە، وتیشی، عیراق چاوەڕێی كردارنەك قسە لەو لایەنانە دەكات كە دەسەڵاتیان لە سوریا گرتووەتە دەست.

لەبەرامبەردا، بلینكن ئاماژەی بەوەدا، واشنتۆن پابەندە بە كاركردن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری عیراق و بەرەوپێشبردنی، وتیشی، واشنتۆن پابەندە بە رێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.