دادگای تاوانەكانی نەینەوا، سزای ١٠ ساڵی زیندانی بەسەر خاوەنی هۆڵەكەی قەزای حەمدانیەدا سەپاند، كە ساڵی ڕابردوو  ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەی تێدا ڕوویدا و بەهۆیەوە ١٢٠ كەس گیانیانلەدەستدا.

بەپێی نوسراوێك كە لەلایەن دادگای تاوانەكانی نەینەوا بڵاوكراوەتەوە، دادگاكە سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر سەمیر سلێمان كرومی سەپاند كە خاوەنی هۆڵی بۆنەكان بوو لە حەمدانیە.

زیاتر لە ١٢٠ کەس گیانیانلەدەستدا

لە رۆژی ٢٦ی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٣ ئاگر لە هۆڵی هەیسەم لە حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا كەوتەوە، كە بەهۆیەوە زیاتر لە ١٢٠ كەس گیانیان لەدەستدا كە زۆرینەیان مەسیحی بوون و رووداوەكەش لەسەر ئاستی ناوخۆی عیراق و دەرەوە كاردانەوەی گەورەی لێكەوتەوە.

 حكومەتی عیراقیش لیژنەی لێكۆڵینەوەی لەسەر رووداوەكە پێكهێنا، كە بەپێی راپۆرتی لیژنەكەش رووداوەكە بەهۆی كەموكوڕی لە هۆڵەكە و كەمتەرخەمی خاوەنی هۆڵەكەوە روویداوە.