باڵیۆزی ئێران پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ عیراق دووپاتكردەوە لە روبەڕوبوونەوەی هەر هەڕەشەیەكی تیرۆریستی كە هەڕەشە لە خاكی عیراق بكات، دەشڵێت، هیچ نیگەرانیەك لە عیراق نییە چونكە هێزێكی گەورەی سەربازی هەیە.

محەمەد كازم ئەلسادق، باڵیۆزی ئێران لە عیراق وتیشی، عیراق هەموو جۆرە هێزێكی ئەمنی و سەربازی هەیە كە توانای شەڕكردنی هەیە لەگەڵ مەترسیدارترین ڕێكخراوە چەكدارەكان و تیرۆریستییەكاندا، دەشڵێت بە بوونی هێزەكانی سوپا و حەشدی شەعبی و دەزگای دژەتیرۆر هیچ مەترسییەك لەسەر عیراق نییە.

کامێرای حەراری جێگیرکراوە

جەختی لەوەشكردەوە، ئێران ڕێگە نادات گروپە چەكدارەكان هێرشبكەنە سەر عیراق و تاران بۆ شەڕكردن كار لەگەڵ عێراقییەكان دەكات و وڵاتەكەی جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی یەكڕیزی و سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عیراق كردووەتەوە.

دوای روداوەكانی سوریا و كەوتنی ئەسەد، عیراق كەوتە حاڵەتی ئامادەباشی و هێزی سەربازی بەدرێژایی سنوری سوریا بڵاوكردووەتەوە، بەدرێژایی ٦٢٠ كیلۆمەتر دیواری كۆنكرێتی و خەندەق و كامێرای حەراری بۆ چاودێریكردن لەسەر سنورەكان جێگیركردووە.