وەزارەتی ژینگەی عیراق رایگەیاند، رێژەی پیسبوونی هەوا لە عێراق کەمبووەتەوە و لەئێستادا لە ئاستێکی مامناوەند دایە.

لوئەی موختار وتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عیراق رایگەیاند، لەئێستادا رێژەی پیسبوونی هەوا لە عێراقدا، لە ئاستێکی مامناوەند دایە و ئەوەش مەترسی گەورە دروست ناکات.

باسی لەوەشكرد، رێژەکە هەرگیز جێگیر نییە، لە هەر ساتێکدا بێت دەگۆڕێت، هەندێک کات نزم دەبێتەوە و بەشێوەیەکی گشتیش رێژەی دابەزینەکە سنووردارە، کە هەندێک جار چەند رۆژێک دەخایەنێت.

ئەو وتەبێژە ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا کوالێتی هەوا بەراورد بە ماوەی رابردوو باشترە، ئەوەش بەهۆی ئەو رێکار و پلانە زانستیانەوەیە کە گیراونەتە بەر.

بوونی چەندین کێڵگەی نەوت و پاڵاوتگەی نەوت کە بەشێکیان نایاسایین، هەروەها بوونی چەندین کارگە بەتایبەت لە سنووری شارەکان، یانیش کارگەکان دوکەڵ و پاشماوەی زیانبەخش دەردەکەن و سودیان لێنابینرێتەوە کە بەکاربهێنرێنەوە و دەچنە هەوا و ژینگەوە، بووەتە هۆی پیسبوونی ژینگە و ئاسمانی عیراق بەشێوەیەکی گشتی، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بەردەوام لە هەوڵی دۆزینەوەی پلان و رێکاری نوێدا بۆ کەمکردنەوەی ئەو پاشماوانە و زیانەکانیان.