حکومەتی عیراق راگەیانراوێکی لەبارەی دۆخی سوریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، چاودێری پێشهاتەکانی سوریا دەکەن و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا لەسەر هێڵ دەبن بۆ پارێزگاری کردن لە ئاسایش و سەقامگیری سوریا.

حکومەتی عیراق راگەیەنراوێكی لەبارەی رووداوەكانی سوریا بڵاوكردەوە و رایگەیاند، چاودێری پێشهاتەکانی سوریا دەکەن و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا لەسەر هێڵ دەبن بۆ پارێزگاری کردن لە ئاسایش و سەقامگیری سوریا.
حکومەتی عیراق ئاماژەی بەوەش کردووە، لە لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، تایبەت بە دۆخی ناوخۆی سوریا و پارێزگاریکردن لە یەکپارچەیی خاکەکەی، سەقامگیری و ئاسایش و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیانی سوری.
ئەوەش هاتووە، عیراق جەخت لە رێزگرتنی ئیرادە و سەربەستی سەرجەم هاوڵاتیانی سوریا دەکاتەوە و سورە لەسەر یەکپارچەیی سوریا و ئاسایشی وڵاتەکە، چونکە ئەوە گرنگییەکەی تەنها بۆ عیراق نییە، بەڵکو پەیوەندی بە سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەوە هەیە.
حکومەتی عیراق راشیگەیاندووە، هەموو هەوڵێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەخەنە گەڕ بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ بەرووی سەرجەم هێزەکانی سوریادا، بە پشتبەستن بەوەی چی لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی سوریادایە، بە پاراستنی سەرجەم مافە مرۆڤایەتی و شارستانییەکانیان، هەروەها پشتگیری لە هەمەجۆری کلتور و ئایین و نەتەوەیی سوریا دەکەن، عیراق بە گرنگی دەزانێت پارێزگاری لەو فرەچەشنیەی سوریا بکرێت، چونکە ئەوە وڵاتەکەی دەوڵەمەند کردووە.
لە راگەیانراوەکەی حکومەتی عیراقدا هاتووە، "رەتی دەکەینەوە هیچ دەستوەردانێک لە کاروبارەکانی ناوخۆی سوریادا بکرێت، یان پشتی لایەنێک بگیرێت لەپێناو بەرژەوەندیدا، چونکە ئەوە خزمەت بە دۆخی ئێستای سوریا ناکات و تەنها ململانێکان زیاتر دەکات و زیانمەندی یەکەم لەو دۆخەدا گەلی سوریا دەبێت.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، دوای ئەوەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن چوونە ناو دیمەشقی پایتەختی سوریاوە، بەیانی ئەمڕۆ تەلەفزیۆنی رەسمی سوریا کۆتایی رژێمی بەشار ئەسەدی راگەیاند و بەوەش دوای ٥٣ ساڵ کۆتایی بە حوکمڕانی بنەماڵەی ئەسەد هێنرا لە سوریادا، لە ئێستاشدا بەشار ئەسەد نادیارە و نازانرێت بەرەو کوێ هەڵهاتووە.