سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، پێویستە سەرجەم مافەکانی كەسوكاری شەهیدان و بریندارانی شەڕی داعش دەستەبەر بکرێن.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەبۆنەی نزیكبوونەوەی حەوتەمین ساڵیادی سەركەوتنی سوپای عیراق بەسەر چەكدارانی داعش چەند رێنماییەكی دەركرد، كە یەكێكیان راسپاردنی وەزارەتەكان و دەزگا ئەمنییەكانە بۆ ئەنجامدانی چالاكی تایبەت بەو یادە.

هاوكات سودانی رێنمایی داوە بۆ راگرتنی دەوامی رەسمی رۆژی ١٠ی ١٢سێشەممە، لە سەرجەم وەزارەتەكان و دامودەزگاكانی حكومەت كە رۆژی سەركەوتنی سوپایە بەسەر داعشدا.

داواش لە وەزارەتی پەروەردە دەكات، رۆژی پێنجشەممە ١٢ی مانگ خوێندكاران لە خوێندنگە و زانكۆكان ئاهەنگ بگێڕن و یەك سەعات تەرخان بكرێت بۆ بەرز راگرتنی ئاڵای عیراق.