ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بودجە دەكات
شنیار
٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
ئەمرۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ خوێندنەوە و دەنگدان لەسەر چوار پرۆژە یاسا بەرێوەدەچێت .
بەپێی كارنامەی كۆبونەوەكە، ئەو پرۆژە یاسایانەی دەنگیان لەسەر دەدرێت، پرۆژە یاسای دەزگای هەواڵگری و یاسای پێشنیازكراوی هەمواركردنی یەكەم بۆ یاسای پاسپۆرت، هەروەها خوێندنەوەی دووەم بۆ ڕەشنووسی یاسای هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ و خوێندنەوەی دووەمیش بۆ رەشنووسی یاسای هەمواری پێنجەمی یاسای فڕۆكەوانی مەدەنی دەكرێت.
رۆژی چوارشەممەش كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڕێوەچوو كە تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی رەوشی ئەمنی عیراق و ئاڵۆزییەكانی سوریا و تاوتوێكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ، لە كۆبونەوەكەدا سودانی داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران كرد هەمواری یاسای بودجە لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم تێپەڕێنرێت.