داواکاری گشتی فەرەنسا تۆمەتی "جیاکاری لەسەر بنەمای نەژاد یان نەتەوە" ئاڕاستەی بەڕێوەبەری پارکێکی یاری لە باشوری فەرەنسا کرد، دوای ئەوەی رەتیکردەوە پێشوازی لە گروپێکی منداڵانی فەلەستینی بکات کە ژمارەیان 150 منداڵی ئیسرائیلی بووە.
داواکاری گشتی رۆژی شەممە رایگەیاند، پیاوە تەمەن 52 ساڵانەکە، کە لە رۆژی پێنجشەممەوە دەستبەسەرە، براوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە سەرەتادا بە هەندێک کەسی راگەیاندووە کە رێگری لەو گروپە دەکات لەبەر "بڕوای تایبەتی خۆی"، بەڵام دواتر پاساوی دیکەی بۆ کەسانی تر هێناوەتەوە. دواتر، بەڕێوەبەرەکە جەختی لەوە کردەوە کە رەتکردنەوەکەی پەیوەندی بە هۆکاری ئایدیۆلۆژییەوە نەبووە، بەڵکو لەبەر هۆکاری ئەمنی بووە، لە کاتێکدا پێشتر خودی پارکەکە رایگەیاندبوو کە لە رۆژی رووداوەکەدا دەرگاکانی داخستووە بۆ پشکنینی تەواوی دامەزراوەکانی دوای زریانێکی بەهێز.
گروپی منداڵە ئیسرائیلییەکان کە تەمەنیان لە نێوان هەشت بۆ شازدە ساڵیدا بوو، ناچاربوون بەرنامەی گەشتەکەیان بگۆڕن و روویان لە شوێنێکی دیکە لە فەرەنسا کرد، کە لەوێدا هێزەکانی پۆلیسی سەربازی، ئاسایشیان دابینکردن بەبێ ئەوەی هیچ رووداوێکی نەخوازراو ڕووبدات.
بەڕێوەبەری پارکەکە کە هیچ پێشینەیەکی تاوانکاری نییە، دوای ئاڕاستەکردنی تۆمەتەکان ئازادکرا، بەڵام ئەگەر تاوانبار بکرێت، سزاکەی دەگاتە پێنج ساڵ زیندانیکردن و غەرامەیەک بە بڕی 75 هەزار یۆرۆ.
رووداوەکە کاردانەوە و توڕەیی لە ناوخۆ و دەرەوەی فەرەنسادا لێکەوتەوە. پێرلا دانان، سەرۆکی لقی هەرێمی گروپی جوولەکەکان (CRIF)، رایگەیاند کە بەڕێوەبەری پارکەکە "سنوورەکانی بەزاندووە"، لە کاتێکدا گروپە جوولەکەکان ئەم رەفتارەیان بە "هێرشێکی مەترسیدار بۆ سەر بەها بنەڕەتییەکانی کۆمار" وەسف کرد.
برونۆ ڕوتایۆ، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، ڕووداوەکەی بە مەترسیدار وەسفکرد و هیوای خواست دەسەڵاتی دادوەری لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کەیسەدا توند بێت. ناوبراو هۆشداریدا لە مەترسیی چاوپۆشیکردن لەم جۆرە کردەوانە لە کاتێکدا کە وڵاتەکە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی لە کردەوە دژە جوولەکەکان بەخۆیەوە دەبینێت.
بەپێی ئامارە رەسمیەکان، ژمارەی رووداوە دژە جوولەکایەتییەکان لە ساڵی 2023دا بۆ1676رووداو بەرزبووەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی پێشتردا 436 حاڵەت بووە.بەڵام ئاستی دژایەتیکردنی جوولەکەکان لە وڵاتەکەدا لەم مانگانەی دواییدا گەڕاوەتەوە بۆ ئاستێکی پێوانەیی، بەجۆرێک کە داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئاشکرایان کردووە کە لە مانگی یەک تا مانگی ئایاری ئەمساڵ 504 رووداوی لەم شێوەیە تۆمارکراوە، کە دوو هێندەی ژمارەی تۆمارکراوە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا.