لێکتێگەیشتنێک لەنێوان عێراق و ھەرێم دروستبووە لەسەر تێچووی دەرھێنانی نەوت
کوردسات نیوز
١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
د.بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ گفتوگۆیانکردووە لەسەر کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم سەبارەت بە پرسی ھەناردەی نەوتی ھەرێم و تێچووی دەرھێنانی نەوت، لەئێستاشدا لەنێوان ھەردوو حکومەتدا لێکتێگەیشتنێک لەسەر ئەو بابەتانە دروستبووە.
ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی فیدراڵ دەیەوێت لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان بگاتە رێککەوتن لەسەر پرسی دەرھێنانی نەوت و لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتی ھەرێم ڕەزامەندی نیشانداوە سەرجەم گرێبەستەکان پێشکەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بکات.
د.بڕیار ڕەشید راشیگەیاند، حکومەتی عێراق بە پشتبەستن بە ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەیەوێت خشتەی خەرجی و مووچەکانی بۆ ئەمساڵ دیاریبکات، ھەروەھـا دەیەوێت لە ھەمواری یاسایی بودجە پرسی خەرجی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم چارەسەر بکـات.



