دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروت سۆشیاڵ' لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە، پایتەختی قەتەر، رایگەیاند کە هێرشەکە "ئۆپەراسیۆنێکی تەواو سەربەخۆ" بووە و "بڕیاری من نەبووە." ترەمپ جەختی لەسەر پێگەی قەتەر وەک "هاوپەیمانێکی بەهێز" کردەوە و داوای کرد جەنگەکە دەستبەجێ کۆتایی بێت.
ترەمپ لە پۆستەکەیدا نووسیبووی: "بەیانی ئەمڕۆ، ئیدارەی ترەمپ لەلایەن سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ئاگادارکرایەوە کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر حەماس، کە بەداخەوە، لە بەشێک لە دەوحە، پایتەختی قەتەر جێگیر بووبوون. ئەمە بڕیارێک بوو لەلایەن سەرۆکوەزیران ناتانیاهۆوە، بڕیاری من نەبوو."
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە هێرشە تاکلایەنەییەکە گرت و رایگەیاند: "بۆردوومانکردنی تاکلایەنە لەناو قەتەردا، کە وڵاتێکی سەروەر و هاوپەیمانێکی نزیکی ویلایەتە یەکگرتووەکانە، و زۆر بە سەختی و بە جورئەتەوە لەگەڵمان کار دەکات بۆ نێوەندگیریی ئاشتی، لە خزمەتی ئامانجەکانی ئیسرائیل یان ئەمریکادا نییە."
لە هەمان کاتدا ترەمپ ئاماژەی بەوەدا: "بەڵام، لەناوبردنی حەماس، کە قازانجی لە نەهامەتییەکانی دانیشتووانی غەززە کردووە، ئامانجێکی شایستەیە."
ترەمپ ئاشکرای کرد کە "دەستبەجێ رێنماییم دا بە نێردەی تایبەت ستیڤ ویتکۆف بۆ ئەوەی قەتەرییەکان لەبارەی هێرشە نزیکبووەکەوە ئاگادار بکاتەوە، کە ئەویش کردی، بەڵام بەداخەوە، زۆر درەنگ بوو بۆ وەستاندنی هێرشەکە."
لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ جەختی لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەر کردەوە: "قەتەر بە هاوپەیمانێکی بەهێز و دۆستی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبینم، و زۆر دڵگرانم بە شوێنی هێرشەکە. من دەمەوێت هەموو بارمتەکان، و تەرمی مردووەکان، ئازاد بکرێن، و ئەم جەنگە، ئێستا، کۆتایی بێت!"
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە دوای هێرشەکە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، قسەی کردووە. "سەرۆکوەزیران پێی وتم کە دەیەوێت ئاشتی بەدیبهێنێت. پێموایە ئەم روداوە ناخۆشە دەتوانێت وەک دەرفەتێک بۆ ئاشتی خزمەت بکات."
ترەمپ هەروەها لەگەڵ ئەمیر و سەرۆکوەزیرانی قەتەر قسەی کردووە و سوپاسی پاڵپشتی و دۆستایەتییان کردووە بۆ ئەمریکا. "دڵنیام کردنەوە کە شتێکی لەو جۆرە جارێکی دیکە لەسەر خاکەکەیان رونادات."
لە کۆتاییدا، ترەمپ ئاشکرای کرد کە "رێنماییم بە وەزیری دەرەوە، مارکۆ روبیۆ، داوە بۆ تەواوکردنی رێککەوتنی هاوکاریی بەرگری لەگەڵ قەتەر."