یەکەم لێدوانی کۆمیسیۆن لەبارەی وادەی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان
هیوا
٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ٣٢٩ سکاڵایان بەدەستگەیشتووە و سکاڵاکانیش رەوانەی دەستەی دادوەری کراون بۆ بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەیان.
وتیشی، بەگوێرەی یاسا دەستەی دادوەری دەبێت لە ماوەی ١٠ رۆژی کارکردندا سکاڵاکان یەکلایی بکاتەوە، دوای یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکانیش ئەنجومەنی کۆمیساران کۆدەبێتەوە و ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان پەسەند دەکات.
بەگوێرەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان دوای پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، دەبێت لە ماوەی ١٥ رۆژدا لەسەر بانگھێشتی پارێزگار یەکەم کۆبونەوەی دەستپێبکات و ئەگەر لەو ماوەیەدا پارێزگار بانگھێشتی ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی نەکرد، ئەوا لە رۆژی ١٦ـیەمدا ئەنجومەن خۆی کۆدەبێتەوە.



