وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، هێورکردنەوە و ئاساییکردنەوەی رەوشی گەروی هورمز بەندە بە کۆتاییهاتن بە گەمارۆکان و تۆمەتەکانی دژایەتیکردنی جووەکانیشی رەتکردەوە و بە دیاردەیەکی ئەوروپایی ناوی دەبات.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ لە سەرووی هەموو پرسەکانەوە پێویستە ئاسایش و سەقامگیری بۆ گەروی هورمز بگەڕێندرێتەوە، بەڵام تا ئەو کاتەی گەمارۆکان لەسەر ئێران بەردەوام بن، هیچ گۆڕانکارییەک لە رەوشی گەرووەکەدا روونادات.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا سەبارەت بە تۆمەتەکانی پەیوەست بە دژە جوویی، بەقائی ئاماژەی بەوە کرد، دیاردەی دژە جوویی دیاردەیەکی ئەوروپاییە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئێرانەوە نییە، چونکە تاران پەیوەندییەکی مێژوویی و دێرینی لەگەڵ جووەکاندا هەیە و سەرجەم شوێنە پیرۆزەکانی یەهود لە ئێران پارێزراون و رێزیان لێدەگیرێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیشی کردەوە، ئەو رووداو و پشێوییانەی لە ئەوروپا دەگوزەرێن، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە وڵاتەکەیەوە نییە.