عەلی عەلاق: بەردەوام دەبین لە پارەدارکردنی جوڵە بازرگانییە دەرەکییەکان بە دراوی بیانی
کوردسات نیوز
٢٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
عەلی عەلاق بە میدیای رەسمیی حکومەتی عێراقی رایگەیاند، بانکی ناوەندیی ژمارەیەک رێکاری بۆ کۆکردنەوەی خواستەکان لەسەر دۆلار لە چوارچێوەی کەناڵە شیاو و بنەڕەتییەکان پەیڕەو کردووە، لەگەڵ راکێشانی بازرگانان و ھاوردەکاران و ئەوانەی پێویستیان بە گواستنەوەی دەرەکی ھەیە لە چوارچێوەی ئەو کەناڵانەدا.
وتیشی، تاکو قەبارەی ئەو کەناڵانە و ژمارەی بەشداربووەکانیان زۆرتر ببێت، کاریگەری ئەرێنی لەسەر نرخی ئاڵوگۆڕ و سەقامگیریی دینار دەبێت، ھەروەھا بەردەوام دەبن لە پارەدارکردنی جوڵە بازرگانییە دەرەکییەکان بە چەند دراوێکی بیانی جگەلە دۆلار.
عەلی عەلاق ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتی گەنجینە و بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا پێشوازیان لەو ھەنگاوانەی بانکی ناوەندیی کردووە.



