محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمەبەستی ئاگاداربوون لە کۆتا ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەگەڵ عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و عەباس فەتلاوی، سەرۆکی بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنەکان کۆبووەوە. 

نوسینگەی سەرۆک وەزیران دەڵێت، لەکۆبوونەوەکەدا سودانی جەختی کردەوە لەسەر پەرۆشی حکومەت بۆ سەرخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردن، چونکە مافێکی دەستوورییە و پێویستە ھەموو ئامادەکارییەکانیش گەرەنتی سەرخستنی ھەڵبژاردنەکە بکەن، تا ھەڵبژاردنێکی  دادپەوەرانە بێت و رەنگدانەوەی خواستی ھاوڵاتیان بێت.

ئەوەشی خستوەتەڕو، ڕۆژی ١٢ی کانوونی یەکەم دیاریکرا وەک وادەی ڕادەستکردنی خوێندنگاکان بە کارمەندانی کۆمسیۆن، بەمەبەستی ئامادەکردنی پێداویستییەکانی پرۆسەی ھەڵبژاردن و ڕاگرتنی دەوامی فەرمی لە قوتابخانەکان بۆ ماوەی ھەفتەیەک، ھەروەھا ڕاگرتنی دەوامی رەسمی لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی کانونی یەکەمدا، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە لە دانیشتنی داھاتوودا پەسەند دەکرێت.