سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، شەوی یەکشەممە لە گوندی مامەی سنوری قەزای دوبز ھێزێک کراوەتە ئامانج کە پێنج کەس بوون و سەرجەمیان کوژراون.

لای خۆیەوە، گروپی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەھۆی ھێرشێکی ئەمریکاوە ٥ چەکداریان کوژراون و بەڵێنیش دەدات ھێرشی زیاتر بکاتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا.

ھاوکات ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لە سێ سەرچاوەی ئەمنی عێراقەوە گواستییەوە، چەکدارەکان لەکاتێکدا کراونەتە ئامانج کە ئامادەکارییان کردووە بۆ ھەڵدانی موشەک دژی ھێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و گومان دەکرێت ھێرشەکە لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجام درابێت.