لە دانیشتنێکی نائاساییدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە کۆی دەنگ هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر دۆحەی پایتەختی قەتەری ئیدانە کرد و بە "پێشێلکاریی سەروەریی قەتەر" ناویبرد.
سەرەڕای ئەوەی لە راگەیەندراوە رەسمیەکەدا ناوی ئیسرائیل نەهێنرا، بەڵام زۆربەی وڵاتانی ئەندام، بەتایبەت روسیا و جەزائیر، بە توندی هێرشەکەیان شەرمەزار کرد. ئەمریکاش دڵنیایی دایە قەتەر کە هێرشەکە دووبارە نابێتەوە، بەڵام جەختی لەسەر پێویستیی "لەناوبردنی حەماس" کردەوە.
ئەمشەو پێنجشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتنێکی نائاسایی بەپەلەی لەسەر هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر ئەنجامدا، کە تێیدا ئیدانەیەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە.
هەڵوێستی رەسمی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان:
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، ڕۆزماری دیکارلۆ بریکاری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی، رایگەیاند کە "هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحە جیهانی شۆک کرد" و بە "پێشێلکاریی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی قەتەر"ی وەسف کرد. دیکارلۆ هۆشداریدا کە "ئەم هێرشە رەنگە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار بێت لە ململانێ بەردەوامەکەدا."
دواتر، ئەنجومەنی ئاسایش بە کۆی دەنگی هەر 15 ئەندامەکەی، راگەیەندراوێکی پەسەند کرد کە تێیدا ئیدانەی هێرشەکانی کرد و "هاوپشتیی خۆی لەگەڵ قەتەر" و "پشتگیریی بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی" دووپاتکردەوە. بەڵام لە راگەیەندراوەکەدا، کە لەلایەن بەریتانیا و فەڕەنساوە داڕێژرابوو، راستەوخۆ ناوی ئیسرائیل وەک ئەنجامدەری هێرشەکە نەهێنرا.
هەڵوێستی جیاوازی زلهێزەکان: ئەمریکا و روسیا
هەڵوێستی زلهێزەکان جیاواز بوو. نوێنەری ئەمریکا، دۆرۆسی شیا، رایگەیاند کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دڵنیایی داوەتە میری قەتەر کە هێرشەکە دووبارە نابێتەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە "پێویستە حەماس لە غەززە لەناوببرێت."
لەلایەکی دیکەوە، نوێنەری روسیا، ڤاسیلی نیبێنزیا، بە توندی رەخنەی لە ئیسرائیل گرت و وتی: "هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی وڵاتانە. ناتوانرێت دانوستان بکرێت لە کاتێکدا ئیسرائیل چەکی ئاراستەی دانوستانکار کردووە."
شەپۆلی ئیدانەکردنی نێودەوڵەتی
زۆربەی وڵاتانی ئەندام بە توندی هێرشەکەیان ئیدانە کرد:
-
نوێنەری جەزائیر: وتی، "ئەو کارەساتەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لە غەززە دروستیان کردووە بەسیان نەبووە، دەوڵەتێکی نێوەندگیریشیان کردووەتە ئامانج. هێرشکردنە سەر قەتەر بەڵگەی هێز نییە، بەڵکو بەڵگەی شێتییە، و ئەمەش رەفتارێکی توندڕەوانەیە کە نەبوونی سزا پاڵپشتییەتی."
-
نوێنەری پاکستان: رایگەیاند، "بە توندترین شێوە ئیدانەی دەستدرێژییە نایاسایی و بێ پاساوەکەی ئیسرائیل دەکەین. ئەم هێرشە تەنها هێرشکردنە سەر دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری نییە، بەڵکو دەستدرێژییە بۆ سەر دیپلۆماسییەت."
-
نوێنەری سۆماڵ: جەختی کردەوە کە، "دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر زیادبوونی مەترسیەکانە. فراوانکردنی سیستەماتیکیی ململانێ لەلایەن ئیسرائیلەوە ستراتیژییەکی مەبەستدارە."
ئەم دانیشتنە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر غەززە.