خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر پڕۆژە یاسای نەوت و غاز ئاشکرا دەکرێت
لاڤە
٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٣
عەلی سەعدون لامی، ئەندامی لیژنەکە بە ئاژانسی رەسمی ھەواڵەکانی عێراقی راگەیاند، ھیچ پێشکەوتنێک سەبارەت بە پڕۆژە یاسای نەوت و غاز نییە، ناکۆکییەکانیش لەنێوان ھەرێم و عێراق لەوبارەیەوە بەردەوامە.
وتیشی، دیارترین خاڵە ناکۆکەکان بریتییە لە چۆنێتی ئیدارەدانی کێڵگە نەوتییەکان، چونکە پڕۆژە یاساکە دەڵێت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەڕێوەببرێت، بەڵام لایەنی کوردی داوا دەکات ئیدارەدانیان لەلایەن ھەرێمەوە بێت. ھەروەھا میکانیزمی بە بازاڕکردنەکە و داھاتەکەش خاڵێکی دیکەی ناکۆکە کە لەڕێی سۆمۆوە بێت یاخود ھەرێمەوە.
عەلی سەعدون لامی باسی لەوەشکرد، ئەندامانی لیژنەی نەوتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چاویان بە "د.لەتیف رەشید" سەرۆک کۆماری عێراق و "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیران و سەرکردەی کوتلە سیاسییەکان کەوتووە، سەرجەمیان پشتیوانیان بۆ پەسەندکردنی یاساکە دەربڕیوە.
ھەروەھا لیژنەی نەوتی ئەنجومەنی نوێنەران داوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردووە، بۆ گوێگرتن لە بیروڕاکان و تاوتوێکردن و نزیککردنەوەی بۆچوونەکان، بەڵام تا ئێستا ئەو کۆبوونەوەیە رێکنەخراوە.