خالید شەممال وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ تورکیا و رێککەوتن لەسەر دۆسیەی ئاو، بۆ ماوەی مانگێک و تا ٢٣ی نیسان بەردانەوەی ئاو بۆ رووباری دیجلە زیادیکرد، بەڵام دوای ئەو رێککەوتە جارێکی دیکە ئاوی رووبارەکە کەمیکردووەتەوە و لەئێستادا بڕی ئەو ئاوە لە ھەردوو روباری دیجلە و فوراتەوە دەگات، کەمترە لەسەدا ٣٠ی مافی سروشتی عێراق.

وتیشی، عێراق یەکێکە لە ناوچە وشکەکان و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و وشکەساڵی وایانکردووە پێنجەم وڵات بێت لەسەر ئاستی جیھان لە لاوازی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی ژینگە.

وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق رونیشیکردەوە، گلدانەوەی ستراتیژی ئاو لە عێراق گەیشتووەتە نزمترین ئاست کە لە مێژووی وڵاتەکەدا ھاوشێوەی نەبووە.

 جەختیشیکردەوە، ئاو بۆ خواردنەوە و کاروباری ناو ماڵ گەرەنتیکراوە و سەرەتای مانگی داھاتووش وەفدێکی ھونەری وەزارەتەکەیان بۆ پرسی ئاو سەردانی تورکیا دەکات.