پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سەرکردەکانی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغداد لە کۆبوونەوەدایە و دواپێشھاتەکانی پەیوەست بە پڕۆژەیاسای بودجە و ناکۆکییەکان لەسەر ماددەکانی ( ١٣ و ١٤)کە پەیوەستن بە پشکی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

ھاوکات مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاندووە، یەکێتی بە پاڵپشتی ئەوان بڕگەی گەڕاندنەوەی ١٠%ی پاشەکەوتی ناچاریی مووچەی فەرمانبەرانی زیادکردووە، بەڵام پارتی داوای لابردنی ئەو ماددەیەی کردووە و رایگەیاندووە، ئەوە بابەتێکی ناوخۆییە، کە رەنگە ھێزە سیاسییەکان وەڵامی داواکەی پارتی بدەنەوە.

ھاوکات سالم عەنبەکی پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە چاوەڕێی وەڵامی کوردە.

وتیشی، ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجە بھێنرێتە ھۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران، بە زۆرینە یاخود بە رێککەوتنی سیاسی دەنگی لەسەر دەدرێت، لەئێستاشدا بەو ئاراستەیە کاردەکرێت بودجە بە تەوافوق دەنگی لەسەربدرێت.