لە عێراق نزیکەی ١٣ ملیۆن کۆبوونی ئەلکترۆنی خۆراک دابەش دەکرێت
ڕێبوار
٦ی ئایاری ٢٠٢٣
محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان لیژنەی ھونەری لە سەرجەم پارێزگاکان بە ھەماھەنگی حکومەتە خۆجێییەکان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی بە ئەلکترۆنیکردنی کۆبوونی خۆراک پێکھێناوە، دوای سەرکەوتنی پرۆژەکە لە پارێزگای کەربەلا و دواتر لە پارێزگاکانی موسەنا، دھۆک و نەجەف دەستیانکردووە بە دابەشکردنی پێنج ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کۆبوونی ئەلکترۆنی خۆراک، لەگەڵ پێنج ملیۆن کارتی دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک بۆ ئەو کەسانەی لە تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون.
وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەشکرد، بەمنزیکانە ١٥ ناوەندی بە بازاڕکردن لە پارێزگاکان دەکرێنەوە بۆ فرۆشتنی ماددە خۆراکییەکان بە ھاووڵاتیان، ھاوکات دەستیانکردووە بە دامەزراندنی کارگەی تێکەڵکردن و لە کارتۆنکردنی چای بە مەبەستی دابەشکردنی لە نێو ماددەکانی سەبەتەی خۆراک.



