محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی نەوت  و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەکرد، کارنامەی حکومەت جەختدەکاتەوە لەسەر پەرەپێدانی کەرتی نەوت و رێکخستنی پڕۆسەی ھەناردەکردنی، بەتایبەت دوای رێککەوتنەکەی ھەولێر و بەغداد کە بووەتە ھۆی رەخساندنی کەشێکی ئەرێنی بۆ دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز.

وتیشی، حکومەت گرنگییەکی زۆر بە کەرتی وزە دەدات و پلانی ھەیە لە داھاتوویەکی نزیکدا وەبەرھێنان لە غازیشدا بکات، بەجۆرێک کاردەکەن بۆ ئەوەی عێراق بچێتەسەر نەخشەی غازی جیھانی.

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت، وەبەرھێنان لە پیشەسازی پترۆکیمیاییدا رۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە ئابوری وڵاتدا، بۆیە بەردەوامن لە وەبەرھێنانی فراوان لە کەرتی نەوت و زیادکردنی سەرچاوەکانی داھات.