وەزارەتی نەوتی عێراق روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە نەوتی ھەرێمی کوردستان بڵاوکردەوەو سوربوونی لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە راگەیاند .

ئاماژەی بەوەشکردووە، نەرمی پێویستی نواندووە لە پێناو دەستپێکردنەوەی نەوت بە پێی دەرئەنجامەکانی دوای بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی و دواتر گفتوگۆکردن سەبارەت کێشە ھونەرییە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم و ناوەند.

وەزارەتی نەوت جەختیشی کردۆتەوە لەسەر گرنگی داھاتی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بودجەی فیدراڵی بە پێی بڕی رێککەوتن لەسەر کراو ھیوای خواستوە لە سایەی کەشی ئەرێنی و لێکتێگەیشتنی دوو قۆلی  بەمنزیکانە رێکبکەون لەسەر ھەناردەی نەوت. لە کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایش بەپێی لێکتێگەیشتنە نوێکان لە کاتی خۆیدا بڵاویدەکەنەوە.

لەلایەکی تریشەوە،عاسم جیھاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تا ئێستا ھیچ بڕیارێک نییە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە و کۆبوونەوەکان لەو بارەیەوە بەردەوامن.

راشیگەیاند، ھەرکاتێک گەیشتن بە رێککەوتن ئەوا جارێکی تر دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم دەکرێتەوە، کە پێدەچێت لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەو پرسە یەکلایی ببێتەوە.