ھەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆڕی راگەیاندنی عێراقی راگەیاند، لەماوەی رابردودا بەھۆی ناکۆکی زۆری سیاسی و گرفتی ھونەری و کارگێڕییەوە، پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی بۆ نەکراوە، بەڵام لەئێستادا رێککەوتنێکی سیاسی ھەیە بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەکە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لیژنەکەیان بۆ پەسەندکردنی  پڕۆژەیاسای نەوت و غاز چەند ھەنگاوێکی ناوە و سەردانی سەرۆکی فراکسیۆنەکان دەکەن، بەمەبەستی پەلەکردن لە دەرچواندنی یاساکە و وەرگرتنی بۆچوونی لایەنەکان لەبارەیەوە.

سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، بوونی یاسای نەوت و گاز خزمەت بە ھەموو ھاوڵاتیانی عێراق دەکات، چونکە وەبەرھێنانی زیاتر لە کەرتی نەوت دەکات کە سامانی گەلانی عێراقە، سودمەندی سەرەکیش تیایدا ھاوڵاتیان دەبن.