ساڵانە عێراق بەھۆی سوتاندن و ھاوردەکردنی غازەوە ١٢ ملیار دۆلار زیانی بەردەکەوێت
کوردسات نیوز
١ی نیسانی ٢٠٢٣
راوێژکاری سەرۆک وەزیران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو زیانە داراییەی بەر عێراق دەکەوێت بەھۆی ھاوردەکردنی غاز بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا و سوتانی غازی دەرچوو لە کێلگەکانی نەوت لە ناوەراست و باشور، ساڵانە دەگاتە ١٢ ملیار دۆلار، ئەوەش تێچوویەکی زۆرە لەسەر داھاتی نەوت و داھاتی وڵات بە گشتی.
وتیشی، ئەوەی سەرۆک وەزیران رایگەیاندوە لەبارەی گرتنەبەری رێوشوێن بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە، سەرەتایەکە بۆ راگرتن و کۆتایی ھێنان بە سوتانی غاز و بەکارھێنانەوەی بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا.
مەزھەر محەمەد ساڵح پێشبینی کرد، لەماوەی دوو ساڵدا بتوانن بە رێژەی ١٠٠% سوتانی غازی دەرچوو لە دەرھێنانی نەوت سفر بکەنەوە و بیخەنە بواری بەکارھێنان.
لەلایەکی ترەوە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بەھەوڵی کۆمپانیای نەوتی ناوەراست توانیویانە وەبەرھێنان لە چوار بیری کێلگەی غازی عەکاز لە باشوری شاری قائیم بکەن و رۆژانە ٦٠ پێ سێجا غاز بەرھەمدەھێنن بۆ کارپێکردنی وێستگەی کارەبای عەکازی غازی کە ٩٠ بۆ ٩٥ میگاوات کارەبای ھەیە.