د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی رۆژی  ٢٦ی٤ی ٢٠١٦دا کە تایبەت بوو بە ھەمواری یاسای ئەنجومەنی وەزیران، سەلیم جبور سەرۆکی ئەوکاتەی ئەنجومەنەکە ھێزی ھێنایەناو پەرلەمان بۆ رێگریکردن لە ناڕەزایی ئەو پەرلەمانتارانەی دژی ھەموارەکە بوون، دواتریش دادگای فیدڕاڵی کۆبوونەوەکەی ھەڵوەشاندەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکەی ٢٧ی ئەم مانگەش ھاوشێوە ئەو کۆبوونەوەیە پێشێلکاری دەستوری کرا، چونکە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران رێگری لە پەرلەمانتارانی ناڕازی کرد بۆچوونی خۆیان بڵێن و دەنگ لەسەر یاسای ھەڵبژاردنەکان بدەن، بۆیە ئەگەر سکاڵا تۆماربکرێت پێدەچێت دادگای فیدڕاڵی دانیشتنەکە و یاسای ھەڵبژاردنەکانیش ھەڵبوەشێنێتەوە.

سەرەڕای ناڕەزایی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان، رۆژی دووشەممەی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیدا لەسەر ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکان، ئەوەش نیگەرانی فراکسیۆنی یەکێتی و چەند فراکسیۆنێکی دیکەی بەدوای خۆیدا ھێنا.