پەرلەمانتارانی مەسیحی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، پێکھاتەی مەسیحی ھەمیشە لەبیرکراو و پەراوێزخراو بووە لە نێوان کوتلە گەورەکاندا، پارتی مەسیحییەکانی ھەرێمی کوردستانی خستبووە ژێر ھەژمونی خۆی و لە ڕابردووشدا نوێنەرایەتی مەسیحییەکانی زەوتکردبوو، کاتێکیش بزوتنەوەی بابلیون لە دەشتی نەینەوا بە تەنھا ڕووبەڕووی ھێرش و پەلامارەکانی داعش بووەوە بارزانی بەجێیھێشتن و فرۆشتنی بە دڕندەکانی سەردەم.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، تەوقەیان لەگەڵ نوری مالکی کرد و چونە پاڵ ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، بەڵام ئەوانیش غەدریان لێکردن و پەراوێزیان خستن و لەسەرەتای ڕێگادا مەسیحییەکانیان فرۆشت، ئێستاش بۆ سەپاندنی ھێز و دەسەڵاتی پارتی بەسەر نوێنەرانی مەسیحی و ھەوڵدان بۆ زەوتکردنی دوو کورسی تایبەت بە مەسیحییەکان، لە نیوە شەودا و بە ڕوو قایمییەوە، بەبێ دەنگدان و دوور لە کۆدەنگی،  یاسا و ماددەی دووەمی دەستوریان پێشێلکرد و بە ئارەزووی خۆیان کڕین و فرۆشتنیان کرد.

پەرلەمانتارە مەسیحییەکان جەختیشیان کردووەتەوە، زانراوە کە زۆرێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی یاسای ھەڵبژاردنیان ڕەتکردوەتەوە چونکە پێچەوانەی ئیرادەی مەرجەعیەتە، بۆیە رایدەگەیەنین کە یاسا دەکەنە ناوبژیوانی نێوان خۆیان و بارزانی و مالیکی، ئەگەر ئەوانیش پێیانوایە مەسیحیەکان پشتیان نییە و بە ئارەزوی خۆیان دەتوانن یاری بکەن، بە بیریان دەھێننەوە مەسیحییەکان تەنھا ژمارە نین، بەڵکو خاک و مافیان زۆرینەن.