دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی وەزارەتی بازرگانی عێراق لەسەر ھەرێم دواخست
لاڤە
٢٨ی ئازاری ٢٠٢٣
بەپێی پێگەی رەسمی دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سکاڵایەکی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی بەشەخۆراکی عێراق لەسەر وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێم و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەولێر کۆببێتەوە، بەڵام بڕیاردانی لەسەر دۆسیەکە بۆ شەشەمینجار دواخست بۆ ١٦ی نیسانی داھاتوو.
سەبارەت بە سکاڵاکە، داواکراوە سکاڵالێکراو پابەندبکرێت بەپێدانی بڕی ئەو پارەیەی لەبەرامبەر بەشەخۆراکی مانگانە وەریگرتووە، کە داوای پارەی ١٧ ساڵی مانگانەی بەشەخۆراکی ھاووڵاتیانی ھەرێم دەکرێت کە نەگەڕێنراوەتەوە بۆ عێراق و ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٢١ دەگرێتەوە.
پێشتریش کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم رایگەیاندبوو، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق قسەیان لەسەر ئەوە کردووە کە ئەوەی رابردوو رۆشت و لە مانگی ١١ی ساڵی رابردووەوە پارەکەیان بۆ دەنێرن. بەڵام وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێت، لە ٢٠٠٤_ەوە تائێستا ھەرێم ھیچ بڕێک پارەی نەگەڕاندووەتەوە بۆ عێراق و بەوەش ئەو پارەیە لای ھەرێم کەڵەکە بووە، کە بڕەکەی زیاترە لە ١٧٠ ملیار دینار.