وریا سەعدی، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سبەینێ دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و ئەوان تەواوی بەڵگەکانیان پێشکەشکردووە، بڕیاری کۆتاییش بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە لای دادگا دەبێت. ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامادەی دانیشتنەکەی سبەینێ دەبن.

تا ئێستا پێنج جار دادگای فیدراڵی عێراق، سەبارەت بە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەتەوە و ھیچ بڕیارێک نەدراوە، دوایین کۆبوونەوەش لە ١٥ی ئادار بوو، کە دانیشتنەکە بۆ ٢٩ی ئادار دواخرا.

سکاڵاکە لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و داواکراوە یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پوچەڵبکرێتەوە، کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دەرچووە و ماوەی کاری پەرلەمانی بۆ ساڵێک درێژکردووەتەوە، بە پاساوی ئەوەی یاساکە دژی ماددەکانی (٥ و ٢٠)ی دەستورە و زەوتکردنی مافێکی دەستورییە کە لە ماددەی ٥١ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ساڵی ١٩٩٢ داھاتووە.