سێ ساڵ بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیس تێدەپەڕێت
ئایار
٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
بەرەبەیانی رۆژی ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەھدی موھەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بوونە ئامانجی ھێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا و لەگەڵ چەند پاسەوانێکیاندا کوژران.
ئەوکات رووداوەکە کاردانەوەی فراوانی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و جیھان لێکەتەوە و کۆشکی سپیی ئەمریکاش رایگەیاند، دۆناڵد ترامپ فەرمانی ھێرشەکەی دەرکردووە.
دوای سێ ساڵ لە کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیس، ئەمڕۆ لە ١٣ پارێزگای عێراق لە ناویاندا بەغداد و کەرکوک و نەجەف و سەڵاحەدین و ئەنبار کراوەتە پشوو.
ھاوکات محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، پێویستە یادی "سەرکردەکانی سەرکەوتن" و قارەمانێتیەکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی بەھێزترین گروپی تیرۆریستیی توندڕەو لە مێژووی ھاوچەرخدا بکەنەوە.
وتیشی، بە ئامانجگرتنیان لە ھەموو رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان کارێکی ئیدانەکراو بووە، ھەربۆیە کار بۆ چەسپاندنی سەروەری بۆ عێراقێک دەکەن، کە سەربەخۆ بێت لە سیاسەتەکانیدا و توانای پاراستنی گەلەکەی ھەبێت.