بانکی ناوەندی بڕیاریدا بە زیادکردنی ژمارەی بانکەکان و بڕی دۆلاری فرۆشراو
هادی
٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەندراویدا رایگەیاند، رێوشوێنەکانی خستەڕووی دۆلاریان ئاسانکردووە، ئەویش لە رێگەی زیادکردنی دەروازەکانی فرۆشتنی نەختینەیی دۆلار بۆ ئەو کەسانەی گەشتیارن یان گەشت دەکەن، ئەویش لە رێگەی زیادکردنی پشکی دەروازەی بانکەکان، ھەروەھا دەستیش دەکرێت بە زیادکردنی بڕی ئەو دۆلارەی بانکەکان وەریدەگرن.
بانکی ناوەندی خشتەیەکیشی بڵاوکردووەتەوە کە ناوی لقی ئەو بانکانەی تێدایە کە ھاووڵاتییان دەتوانن دۆلاریان لێ بکڕن بە نرخی رەسمی کە ١٤٦ ھەزار و ٥٠٠ دینارە، ئەو پرۆسەیەش لە سبەینێوە دەستپێدەکات و رۆژانی سەری ساڵ و رۆژانی دواتریش کاری پێدەکرێت.
بەھای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لەچەند رۆژی رابردوودا گەیشتە نزیک ١٦٠ ھەزار دینار، ئەوەش نزمترین بەھا بوو لە مێژووی چاپی نوێی دیناری عێراقیدا، بەڵام ئەمڕۆ بەھای دینار بەرزبوویەوە و لە کاتی داخستنی بازاڕدا ١٠٠ دۆلار بە ١٥٣ ھەزار دینار مامەڵەی پێوە کرا.