بانکی ناوەندی: رێوشوێنی پێویست بۆ جێگیرکردنی بەھای دینار گیراوەتەبەر
ڕێبوار
٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
ئیحسان یاسری جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی لە ھەفتەی رابردووەوە کۆمەڵێک رێوشوێنی بۆ جێگیرکردنی بەھای دۆلار دەستپێکردووە و رێنمایش بۆ ئەو بانکانە دەردەکات کە دیاریکردوون بۆ فرۆشتنی دۆلار لە پشووی رۆژانی ( پێنجشەممە و ھەینی و شەممە و یەکشەممە) تاکو خستنەڕووی دۆلار بەردەوام بێت، ھەروەھا کاردەکەن بۆ دەستبەرکردنی دۆلار بۆ ئەو کەسانەی پێویستیانە بە مەبەستی گەشت و خوێندن و چارەسەر.
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی دووپاتیشیکردەوە، لە رۆژانی داھاتوودا ھێندە دۆلار دەخرێتەڕوو کە تەواوی خواست پڕدەکاتەوە. ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە بانکەکان ھاوشێوەی ئەزمونی بانکەکانی لوبنان چەکی پارەی ھاووڵاتیان بە دینار ناگۆڕنەوە و رایگەیاند، ئەو زانیارییانە دوورن لەراستییەوە و بە رێژەیەکی زۆر دینار لە بانک و گەنجینەکانی بانکی ناوەندی ھەیە.