بانکی ناوەندیی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ فشاری کاتی لە ئەنجامی ھۆکاری ناوخۆیی و دەرەکیی دەگەڕێتەوە، داواشی لە بانکەکان کرد بەرپرسیارێتی ھەڵبگرن و کارئاسانی بۆ کڕیارەکانیان بکەن، داواشی لە بازرگانان کرد دۆلار لە بانکی ناوەندی بکڕن بە نرخی دیاریکراوی خۆی.

لەلایەکی ترەوە نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی و مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار کردووە. 

لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی رایگەیاندووە، پێویستە بانکی ناوەندی رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دەنگۆی نایاسایی و ھەر شتێک کە زیان بە بازاڕی ناوخۆیی بگەیەنێت و ببێتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان.

ھاوکات پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاندووە، قەیرانی دراوی بیانی قەیرانێکی لەناکاوی تەکنیکییە، لەگەڵیدا کارکردن بە سەکۆیەکی نوێی ئەلیکترۆنی و دواکەوتنی حەواڵەکان بەھۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە.