حەیدەر عەبادی سەرۆکی ھاوپەیمانیی نەسر لە تویتیکدا رایگەیاند، بەھۆی کەمبوونەوەی بەھای دینار و لێکەوتە مەترسیدارەکانی لەسەر بژێوی ھاووڵاتیان، داوای رێکاری بەپەلە و گەڕاندنەوەی بەھای دینار بۆ ئاستی پێشتری دەکەن.
عەبادی وتیشی، ئەوان پێش دوو ساڵ ھۆشدارییان لە کەمبوونەوەی بەھای دینار دابوو، ئێستاش ھۆشداری لە بەردەوامبوونی سیاسەتی خوێنبەربوونی ئابووری دەدەن.

بە وتەی حەیدەر عەبادی، ئەمساڵ داھاتی نەوت ١٥٠ ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، کە ئەوە یەکسانە بە کۆی گشتی داھاتی نەوت لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ و ٢٠١٧.

لەلایەکی ترەوە رائید مالیکی پەرلەمانتاری سەربەخۆ رایگەیاند، ئیمزای ٦٥ پەرلەمانتاریان بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەران کۆکردووەتەوە، داواشیکرد، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی ئامادەبن، ھەروەھا فراکسیۆنی حقووق لە ئەنجومەنی نوێنەران، نوسراوێکیان ئاڕاستەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە و رایگەیاندووە، ئیمزایان بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەران، لەبارەی لێکەوتە و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی دابەزینی بەھای دینار کۆکردووەتەوە.