ئیمزا کۆدەکرێتەوە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی بەھای دینار
٢٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
رائید مالیکی پەرلەمانتاری سەربەخۆ رایگەیاند، ئیمزای ٦٥ پەرلەمانتاریان بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆکردووەتەوە، داواشیکرد، لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی ئامادەبن.
ھاوکات فراکسیۆنی حقووق لە ئەنجومەنی نوێنەران، نوسراوێکی ئاڕاستەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد و رایگەیاند، ئیمزایان بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەران کۆکردووەتەوە و داوا دەکەن کۆبوونەوەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی لێکەوتە و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار رێکبخرێت.
ئاماژەیان بەوەشکرد، ھەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی رێکارەکانی حکومەت و بانکی ناوەندی بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان و ئابووریی عێراق بکرێت.


