دەسەڵاتی دادوەریی: لە عێراق ھیچ دادگایەکی تایبەت بە ھاوسەرگیری ھاوڕەگەزخوازیی نییە
٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ژمارەیەک مامۆستای ئاینی لە مزگەوتەکانەوە بەبێ پشتبەستن بە زانیاری ورد و بەڵگە، لە وتارەکانیاندا باسیان لەوەکردووە لەچەند شوێنێکی عێراق دادگای تایبەت بە راییکردنی مامەڵەی ھاوسەرگیری ھاوڕەگەزخوازیی و پەسەندکردنی ئەو جۆرە ھاوسەرگیرییە دامەزرێنراوە، بەڵام ھەموو ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و ھیچ بنەمایەکیان نییە.
راشیگەیاندووە، کاروباری دادگاکانی عێراق بەپێی حوکمەکانی یاسای رێکخستنی دادوەریی ژمارە ١٦٠ی ساڵی ١٩٧٩ رێکدەخرێن و ھیچ نییەتێکیش نییە بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بە ھاوسەرگیری ھاوڕەگەزخوازیی.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق داواشی لە مامۆستایانی ئاینی کردووە بەبێ بەڵگە و زانیاری باوەڕپێکراو دەنگۆی لەو جۆرە بڵاونەکەنەوە، چونکە کاریگەری خراپی لەسەر کۆی کۆمەڵگە دەبێت و متمانەی خەڵکیش بە دادگاکان لاواز دەکات.