بەھۆی بارانبارین و لافاوەوە لە بەسرە و ناسریە دوو کەس گیانیان لەدەستدا
٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
لە ئێوارەی دوێنێوە شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین و لافاو و رەشەبا زۆربەی پارێزگاکانی باشورو ناوەڕاستی عێراقی گرتووەتەوە و لە بەسرە بەھۆی داڕوخانی خانوویەک منداڵێک گیانی لەدەستدا و چوار ئەندامی خێزانەکەشی برینداربوون و کارەباش لە زۆربەی گەڕەکەکان بڕاوە، لە ناسریەش خانوویەک داڕووخا و بەھۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا کە سەربازی سوپای عێراقە.
لە پارێزگاکانی بەغداد و کەربەرلا و بابل و واست و دیالە و سەڵاحەدینیش بارانبارین و لافاو بووەتە ھۆی پچڕانی کارەبا و داخستنی بەشێک لە رێگە و شەقامە سەرەکییەکان، لە پارێزگای بابلیش ئەمڕۆ کراوەتە پشوو و وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقیش تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەمی لە زانکۆکان دواخستووە.
دەستەی کەشناسی عێراقیش پێشبینی کردووە لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە ئەو شەپۆلە بەھێزەی بارانبارین و لافاو کەم ببێتەوە، بەڵام بارانبارین بەردەوام دەبێت.