پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لە دەوروبەری گوندی سەفرە لە ناحیەی دیاز کە دەکەوێتە سنوری زنجیرە چیای حەمرین لە سنوری پارێزگای کەرکوک، بۆمبێکی چێنراو بە ھێزەکانی لیوای دووی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراقدا تەقییەوە و بەھۆیەوە نۆ پۆلیسی فیدراڵی کوژران و دوو پۆلیسی تریش بریندار بوون.

تەقیینەوەکە لە کاتێکدایە کە ناو بە ناو سوپای عێراق و ھێزە ئەمنییەکانی تر ئۆپەراسیۆن بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش لە سنووری قەزای حەویجە ئەنجام دەدەن، لە ئۆپەراسیۆنەکانیشدا چەندین مۆڵگەی تیرۆریستان لەناوبراون و ژمارەیەک تیرۆریستیش کوژراون، بەڵام تا ئێستا ناوچەکە بە تەواوی لە تیرۆریستان پاک نەکراوەتەوە.